که‌مال هه‌ورامی
4
که‌چی له پانتای ئه‌و ڕازه‌دا بۆ خستنه‌ڕوی پشکی شێری هه‌یه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته زۆر به‌جوانی په‌نجه‌مان ده‌گیرێت و له‌سه‌ر گه‌وهه‌ری گرفته‌که ڕامانده‌گرێت. هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێداوه ئه‌و ڕازه له سێ وێنه‌ی یه‌ك له‌دوی یه‌کدا به‌جۆرێك هه‌ریه‌که‌یان ده‌بێته ته‌واوکاری ئه‌وی دیکه، نه‌خشه‌ی ژیانمان وه‌ك ڕسته‌یه‌کی پێکه‌وه‌گردراو بۆ به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه. له‌وێنه‌ی یه‌که‌مدا پێمان ده‌ڵێت ، دروسته هه‌مو ئاکامێك له ده‌رنجامی ژماره‌یه‌ك هۆکاره‌وه، یان لانیکه‌م هۆکارێکه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت ، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌مو هۆکاره‌کان و بۆ هه‌مو ئاکامه‌کان ، له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه بگرن . واته مه‌رج نییه هه‌مو هۆکاره‌کان بابه‌تی بن و بۆ دۆزینه‌وه‌و سه‌ره‌داوی ئاکامه‌کان گه‌ڕیده‌ی ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤبین و له ده‌ره‌وه ئه‌نگێزه‌کانیان بدۆزینه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه زۆر له‌گرفت و پێچه‌وانه‌که‌ی نه‌ك هه‌ر به‌جۆرێك له جۆره‌کان وابه‌سته به‌خودی مرۆڤه‌وه ده‌بنه‌وه، بگره به‌شێکی به‌رچاویشیان له خودی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن .. به‌و شێوه‌یه‌ش ڕاشکاوانه پێمان ده‌ڵێت مرۆڤ له هه‌ردو باره‌که‌یدا گرنگه‌و ناکرێت و کرده‌یه‌کی په‌سه‌ند نییه‌خوازیاربین له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ڕێژیدا کۆنترۆڵی بکه‌ین . دروستتر پێمان ده‌ڵێت جگه له‌وه‌ی کرده‌یه‌کی له‌و جۆره ناپه‌سه‌نده هاوکات هه‌رگیز کۆنترۆڵیش ناکرێت . چونکه له‌باری گرفتئامێزیدا ، ئه‌گه‌ریی ئه‌وه هه‌یه به‌بێ به‌رنامه‌ی پێشوه‌خت و مه‌یل و مه‌به‌ستێکی پێشینه‌دا ، که‌سێك له ساتی گه‌یشتن به‌زه‌مه‌نی گرفته‌کاندا ئه‌نگێزه لاده‌ره فسیۆلۆژی و بایه‌لۆژیه‌کانی له خودی خۆیه‌وه بوروژێن و توشی لادانی بکات . هه‌روه‌ك چۆن له‌باری ( ئه‌رێنه‌شدا ) ده‌کرێت مرۆڤ له ساتی خۆیدا به‌بێ بڕیار و به‌رنامه‌ی پێشوه‌خت ، ده‌ست بۆ کرده‌یه‌ك ببات که ئاکامێکی زۆر باشی لێبکه‌وێته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌مو داهێنه‌کانی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی پلان و به‌رنامه‌دا نه‌بون و پاشکاتیش نابن . چونکه گه‌ر سه‌رنج بدرێت داهێنان یان ئه‌فڕاندن گه‌ر بچێته ژێر پێناسه‌ی تازه‌گه‌ری ( حه‌داسه) وه، له ده‌رنجامی هه‌بونی دوشته‌وه یان زیاتر که‌شتی سێهه‌می لێ‌دروست بکرێت نییه. به‌ڵکو له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت هه‌بویه‌ك له نه‌بونه‌وه بهێنرێته بون . بۆ ئه‌م مه‌سته‌ش پێویسته له‌سه‌ره‌تاوه سنوره ئاوه‌زییه‌باوه‌کانی مرۆڤ تێپه‌ڕێنرێت . ئه‌وه‌ش به‌وه ده‌بێت که بوار بۆ سه‌رکێشیه‌کانی مرۆڤ له‌باری ئه‌رێنییدا بدرێت . واته کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌کی کۆنکرێتیدا هه‌وڵدانه بۆ کوشتنی توانا و به‌هره‌کانی تاك . له باشترین باریدا ، کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌له‌یه‌ك تاکی باش‌دا . لێره‌شه‌وه بێبه‌شکردنیه‌تی له به‌هره‌و توانای تاکه‌کان . هه‌ر به‌نمونه و به‌مه‌به‌ستی زیاتر تێگه‌یشتن : کێ ده‌توانێت مێژوی هاتنه‌بونی دارسێو و ژماره‌ی که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی سێوه‌کان له داره‌که‌وه دیاری و مه‌زه‌نده‌بکات ! ئه‌ی داخۆ چه‌ند که‌س له‌و دارسێوه‌یان خوارد بێت و نیگای که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی سێوه‌کانی ئه‌و داره‌یان کرد بێت که دواجار یاسای کێشی زه‌وی له‌سه‌ر دۆزرایه‌وه و به‌وه‌ش گه‌وره‌ترین خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی پێکرا ! ئه‌ی ده‌بێت پێش ئه‌و چرکه‌ساته، گه‌ر که‌سێك بیوتایه، باشه ئه‌و سێ‌و بۆ له‌و دارسێوه‌وه ده‌که‌وێته خواره‌وه بۆ سه‌رزه‌وی و له پای چی به‌ره و ئاسمان به‌رزنابێته‌وه، نه‌ده‌بویه مایه‌یی گاڵته‌جاڕی و هاهوی دنیایان لێنه‌ده‌کرد ! ئه‌م تێڕامان و ئه‌ندێشه‌یه تا ئه‌و ساته کامه ئه‌زمون و کامه زانست پشتیوانی ده‌کات تاوه‌کو نه‌جێته خانه‌ی ئه‌فسانه‌وه!! ئه‌ی که‌سیك هه‌یه پێم بڵێت له کامه‌کارنامه‌ی کاری به‌کۆمه‌ڵدا تاوه‌کو ئه‌و ساته ئاماژه بۆ تێڕامانێکی له‌و جۆره ده‌کات ! هه‌رچۆنێك که هه‌یه زۆر گرنگه‌ڕازه‌کانی په‌نا ئاگردانه‌کانی هه‌ورامان له‌سه‌ر ئه‌م ورده‌کاریانه ده‌وستن و به‌جوانی حکمه‌ت به ئه‌نده‌ماکانی کۆمه‌ڵ ده‌به‌خشن ..
لێره‌دا به په‌سه‌ندی ده‌زانم له‌سه‌ر خستنه‌ڕوی ئه‌و دیوه هه‌ستیاره‌ی مرۆڤ جارێکی‌تر سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕکێشمه‌وه سه‌ر وێنه‌ی یه‌که‌می ڕازی په‌نائاگردانی هه‌ورامان ( شاوه‌یس و براکانی ) . سه‌رنج بده‌ن : هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا ، له وێنه‌ی یه‌که‌می ئه‌و ڕازه‌دا ئاماژه به‌یه‌که‌مین یه‌که‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که خێزانه ده‌کات و سه‌رنجمان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خێزان وه‌ك یه‌که‌یێکی گرنگ کۆده‌کاته‌وه. به‌جۆرێك پێمان ده‌ڵێت ئه‌م یه‌که‌یه وه‌ك یه‌کێك له سێ پایه‌سه‌ره‌کیه‌که‌ی په‌روه‌رده‌یی که زۆرینه‌ی ئاکاره‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی لێوه به‌رهه‌م ده‌هێنرێت ، گرنگ و کاراتریانه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له وێنه‌ی دوه‌مدا پێمان ده‌ڵێت گه‌ر وه‌ك ده‌مژمێریش پرۆسه‌ی خێزانی به‌ڕێوه بچێت و هیچ گرفتێکی نه‌بێت ، به‌شی پێویستی سستمی ژیان ناکات . هه‌ر بۆیه له نه‌خشه‌کێشانی ئه‌و وێنه‌یدا خێزانێکمان بۆ وێنا ده‌کاته‌وه که هیچ گیروگرفتێکی تێدا نییه، ژیان به ئاسانی و بێگرێ و گۆڵ ڕه‌وڕێ ده‌کات . که‌چی له دواجاردا و له دیمه‌نی دوه‌مدا گه‌وره‌ترین و قێزه‌ونترین تاوان که کوشتنی برایه به‌ده‌ستی براکانی ڕوده‌دات . به‌مه‌ش مه‌به‌ستیه‌تی دیوێکی سامناك و هه‌ستیاری مرۆڤ بخاته‌ڕو . هه‌ر بۆیه هه‌مو ئه‌و گرفتانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خێزانه‌وه‌و ته‌نانه‌ت له‌نێو خودی خێزانیشدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن ، چاره‌سه‌رکراون و هۆکاری که‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه‌نین که له وێنه‌ی دوه‌مدا خستویه‌ته‌ڕو . واته پێمان ده‌ڵێت په‌روه‌رده‌ی خێزان له چڵه‌پۆپه‌یدایه به باشترین شێوه پرکتیزه‌کراوه‌ته‌وه و که‌مترین گرفتی نییه. هاوکات کۆمه‌ڵیش له بارێکی جێگیردایه و هیچ ده‌ستێك له ده‌ره‌وه نه‌ده‌خوازێت و نه‌ده‌شتوانێت دزه بکاته نێو سستمی خێزانیه‌وه. ئه‌مه‌ش له کاتێکدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌کاته‌وه که له وێنه‌ی سێهه‌مدا ئاماژه به‌داوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کات . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ر له وێنه‌ی یه‌که‌مدا وێنه‌یه‌کمان بۆ وێنا ده‌کاته‌وه، که که‌متر له نێو داستانه میلییه‌کاندا ئاماژه‌ی پێکراوه. چونکه گه‌ر سه‌رنج بدرێت ، ژن بۆ زۆر له کێشه‌کان ، به‌دایکی کێشه‌کان ناسراوه و زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆریان ده‌یکه‌نه سه‌ره‌داوی کێشه‌کان و له‌وێوه ڕامان ده‌کێشنه سه‌ر کێشه گه‌وره‌کان و ڕوداوه کاره‌ساتباره‌کان . به‌ڵام له نێو ئه‌م ڕازه‌ی په‌نا ئاگردانه‌ی هه‌وراماندا ڕه‌وشه‌که ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، به‌جۆرێك ژن ، که‌سێکی کارای ئه‌کتیڤه، به‌رپرسیاره له به‌رده‌وامبونی خێزان و تێك نه‌چونی شیرازه‌ی . ئه‌ی ئه‌وه نییه پاش ئه‌وه‌ش که هه‌واڵی سه‌رهه‌ڵگرتنی شاوه‌یسی هاوسه‌ریشی پێڕاده‌گه‌یێنن که‌چی نه‌ك هه‌ر ناشڵه‌ژێ که هاوسه‌ره‌که‌ی له‌ژێر باری به‌رپرسایه‌تیدا هه‌ڵدێت ، توشی په‌رچکردار نابێت و سه‌ر له‌منداڵه‌کانی وه‌ك ئه‌وه‌ی هۆکاری هاتنه‌بونیانه ناشێوێنێت ، به‌ڵکو له‌وپه‌ڕی هه‌ستکردن به به‌رپرساریه‌تیه‌وه به‌رده‌وامه له په‌روه‌رده‌کردنیاندا ! واته ژن له‌نێو ئه‌م ڕازه‌ی پاڵ ئاگردانه‌ی هه‌وراماندا ، سه‌نگین و سه‌لاره، به‌رپرسیار و به‌کاره.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌مایه‌یی سه‌رنجی زیاتری منه بریتیه له‌وه‌ی پاش ئه‌وه‌ی له وێنه‌ی یه‌که‌مدا دیمه‌نێکی جوانی ژیان له سیستمی په‌روه‌رده‌ی خێزان و کۆمه‌ڵدا نه‌خشه ده‌کێشێت و وێنای ده‌کاته‌وه، هاوزه‌مان له وێنه‌ی دوه‌مدا پێمان ده‌ڵێت ژیان له‌وێدا کۆتایی نه‌هاتوه‌و نایێت ، گه‌ر که‌سێك به‌هیوایه له‌ڕێگای سیستمی په‌روه‌رده‌ی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه گرفته‌کانی کۆمه‌ڵ چاره‌سه‌ر بکات و ئاسوده‌یی کۆمه‌ڵ و تاك به‌رقه‌رار بکات به‌جۆرێك که هیچ کێشه‌یه‌ك ڕونه‌دات به‌هه‌ڵه‌دا چوه و ده‌رنجام هه‌وڵێکی نه‌زۆکه. واته به‌جۆرێك له جۆره‌کان پێمان ده‌ڵێت ژیانی بێکێشه له بنه‌ڕه‌ته‌وه بونی نییه و ژیان له خودی خۆیدا مه‌حکومی کێشه‌یه. ئه‌مه له‌کاتێکدا به له دیده‌گرتنی ( شوێنکات ) کێشه‌کان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت . هه‌ر لێره‌شه‌وه زۆر گرنگه‌که له ڕازی په‌نا ئاگردانه‌کانی هه‌وراماندا له بارێکی ئه‌رێینه‌دا سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر کێشه له نێو پانتایی ژیاندا و په‌یوه‌ستی ده‌کاته‌وه به سروشتی ژیان و مرۆڤه‌وه. هاوکات ئه‌و هوشیاریه‌شمان پێده‌به‌خشێت که له چ گۆشه‌نیگایه‌که‌وه کۆسپ به‌مه‌به‌ستی ڕێگه له‌تاوان و تاوانکاری ده‌گیرێت . هه‌ر بۆیه وێنه‌یه‌کمان له سه‌ره‌تادا ده‌داتێ که وێنه‌یه‌که هه‌رکه‌سێك بخوازێت له ڕێگای ئه‌ندێشه‌کانیه‌وه وێنه‌ی کۆمه‌ڵ له سێبه‌ری پرۆسه‌ی خێزان و سیستمی په‌روه‌رده‌یی کۆمه‌ڵدا به باشترین شێوه بکێشێت ، له‌و وێنه‌یه جوانتری ناکێشێت . که‌چی گرفته‌کان له وێنه‌ی دوه‌مدا به‌رده‌وامن . هه‌ر بۆیه له وێنه‌ی دوه‌مدا سه‌رنجمان له‌سه‌ر مه‌سه‌له خودییه‌کانی مرۆڤ کۆده‌کاته‌وه و هوشیاریمان له دیوێکی خوده‌وه پێده‌به‌خشێت که که‌متر وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌کی سه‌ره‌کی و ڕیزبه‌ندی یه‌که‌م سه‌رنجی خراوه‌ته سه‌ر و هاوکات زۆر گرنگه که له وێنه‌ی دوه‌مدا به‌ته‌واوی مانا قسه له‌سه‌ر خودێتی مرۆڤ و به‌د تێگه‌یشتنه‌کانی ده‌کات . سه‌رنج بده‌ن ! زۆرن ئه‌و ڕوپه‌ڕانه‌ی سه‌باره‌ت به‌گۆڕانی بابه‌تی به‌و مه‌به‌سته‌ی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر گۆڕانی خوددا هه‌بێت ڕه‌شکراونه‌ته‌وه. به‌جۆرێک له ڕیزبه‌ندی بابه‌ت و خوددا بابه‌تێتیان کردۆته بابه‌تی یه‌که‌م و خودیان له‌سه‌ر بونیاد ناوه. ته‌نانه‌ت له‌وه‌ش زیاتر که‌منین ئه‌و ڕوپه‌ڕانه‌ی که مرۆڤ له‌به‌رده‌م کار و که‌ره‌سه‌کانی و به‌رهه‌م و چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی کردۆته بونه‌وه‌رێکی ده‌سته‌پاچه و زه‌لیل . به‌شێوه‌یه‌ك که هه‌مو کرده و جوڵه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت ژیرخانی کۆمه‌ڵ بونیاد نراوه. واته به‌شێوه‌یه‌کی گشتی سه‌رخانی کۆمه‌ڵ که گوزارشت له بیر و بۆچون و ئه‌ندێشه‌کان و ژیری و ئاوه‌زی مرۆڤ ده‌کات ڕه‌دوی ژێرخانی کۆمه‌ڵ که گوزارشت له که‌ره‌سه‌ی کار‌و به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌مه ئابوریه‌کان و چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی ده‌کات ، ده‌خه‌ن . له‌و پێناوه‌شدا ، له‌سه‌ر ئاستی دنیا ده‌یان دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌کادیمی و سیاسی بۆ دامه‌زرا و تونایێکی زۆری ئه‌م دنیایه‌ی له خه‌ڵك و خاک و ئاو هه‌واوه له ماوه‌یه‌کی درێژدا به مه‌به‌ستی جێبه‌جێکردنی ئه‌و باوه‌ڕه به‌ختکرا و له‌و نێوه‌شدا جگه له‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی جهان ده‌یان شه‌ڕی دنیا وێرانکاری لێکه‌وته‌وه و ئاماری قوربانیه‌کانی به‌ره و هه‌ورازهه‌ڵکشان هیچی تری به‌رهه‌م نه‌هێنا . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که‌منیین ژماره‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ی که له نێو خۆی گه‌لانی نێو وڵاته‌کانیشدا ، به‌ناوی به‌رهه‌ڵستکاره‌وه کراونه‌ته قوربانی ! که‌چی له ده‌رنجامیشدا ئه‌و به‌هه‌شته‌ی له‌سه‌ر ئاستی دنیا له‌و ڕێگایه‌وه بانگه‌واز ده‌کرا نه‌ك هه‌ر نه‌هاته‌دی ، بگره له‌سه‌ر ئاستی ته‌نها یه‌ك وڵاتیشدا و له که‌مترین ماوه‌داشدا نیشانه‌کانیشی ده‌رنه‌که‌وتن و له‌دوا ویستگه‌یدا به‌کرده‌وه ئه‌و باوه‌ڕ و بیرکردنه‌وه‌یه نه‌زۆکی ڕاگه‌یه‌نرا . واته له ده‌رنجامدا ئه‌و باوه‌ڕه له‌سه‌ر ئاستی چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کانی کۆمه‌ڵدا شکستی هێنا . به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م ڕازه‌ی په‌نا ئاگردانه‌ی هه‌وراماندا هاتوه باس له‌وه ده‌کات و به‌ڕونی پێمان ده‌ڵێت گه‌ر به‌گریمانه‌ش هه‌مولایه‌ك کۆك بین له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی هۆکاره بابه‌تیه‌کاندا و هه‌موشیان وه‌ك ده‌مژمێر چاره‌سه‌ربکرێن و ژیان ڕێ بکات ، به‌ڵام ناکاته ئه‌وه‌ی ژیان بێکێشه بێت و ئه‌گه‌ریی ئه‌وه‌ی هه‌یه کێشه‌ی گه‌وره ڕوبدات . چونکه مه‌سه‌له‌ی خودێتی مرۆڤ زۆر له‌وه گه‌وره و کاراتره که باسی لێوه ده‌کرێت . ئه‌وه‌ش به‌و شێوه‌یه نییه کارابونی به‌ته‌نها له کاریگه‌ری هۆکاره بابه‌تیه‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌بگرێت ، به‌ڵکو گرنگیه‌که‌ی وابه‌سته و گرێدراوی گه‌شه‌ی بایه‌لۆژی و فسیۆلۆژی مرۆڤه‌وه ده‌کرێت . به‌جۆرێك له ساتی پێگه‌یشتن و وروژاندنیاندا مه‌یل و ئاوزو ویستی مرۆڤ به ئاراسته‌یه‌کدا جوڵه‌ده‌کات که ئه‌گه‌ریی ئه‌وه‌یان هه‌یه مرۆڤ توشی لادان بێت و ده‌رنجام گرفت و کێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ کۆمه‌ڵ لێبکه‌وێته‌وه. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گرفتانه له ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ناگرن ، به‌ڵکو گرێ‌دراو وابه‌سته‌ی دیوێکی مرۆڤ ده‌کرێنه‌وه که بونی مرۆڤ به‌و شێوه‌ی ئێستا که هه‌یه، به‌وانه‌وه ته‌واو ده‌بێت . واته ئه‌گه‌رچی له کاتی وروژانیاندا سه‌رچاوه‌ی کێشه و گرفتن به‌ڵام به‌بێ بونیان مرۆڤ به‌مشێوه‌ی ئێستا که هه‌یه ته‌واو نابێت ، ئه‌وانه‌ش بریتین له هه‌مو ئه‌و مه‌یل و ئاره‌زوانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به ( سێکس و مه‌یلی سامان که‌ڵه‌که‌کردن و گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاته) . ئه‌م مه‌یلانه‌ش له بواری ئاسایدا هیچکامیان نه‌شوره‌ین و نه‌مایه‌یی مه‌ترسی ، به‌ڵکو گوزارشت له به‌شێکی سروشتی و ئاسایی مرۆڤ ده‌که‌ن . به‌ڵام کاتێك توشی وروژاندن ده‌بن و مه‌یلی گه‌یشتنیان به‌بێ هیچ له‌مپه‌رێك کراو له ویستی مرۆڤدا بونه ئامانج ، گرفت سه‌رهه‌ڵده‌دات تا ئه‌و شوێنه‌ی گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی دروستده‌کات و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێبکه‌وێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه سه‌رنجمان بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر گرنگ ڕاده‌کێشێت که ناکرێت فه‌رامۆش بکرێت . ئه‌و پێمان ده‌ڵێت ، به‌و مه‌به‌سته‌ی ڕێگا له‌به‌رده‌م وروژاندنه ساتیاره چاوه‌ڕوانکراوه‌کانی مرۆڤ بگیرێت ، پێویسته کۆسپیان له‌به‌رده‌مدا دروست بکرێت . هه‌روه‌ك چۆن پێویسته پلانێك هه‌بێت بۆ واڵاکردنی هه‌مو درز و که‌له‌به‌ره‌کان تاوه‌کو کۆمه‌ڵ له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری تواناکه‌سیه‌کانه‌وه بێبه‌ش نه‌بێت و هاوکات که‌سه‌کان بگه‌نه ئاستی به‌رکه‌ماڵبونی خۆیان و به‌ئاسانی تواناکانی خۆیان موماره‌سه بکه‌ن و وێنایان بکه‌نه‌وه. به‌وه‌ش که‌سایه‌تی دروستی خۆیان گوزارشت ده‌که‌ن . واته پێویسته دانه‌کانی کۆمه‌ڵ له ڕێگای دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌کادیمی و یاساییه‌کانه‌وه نه‌ك هه‌ر هه‌ست به‌وه نه‌که‌ن که ده‌چه‌پێنرێن و ڕێگای به‌گه‌ڕخستنی تواناکانیان لێ ته‌سك ده‌کرێته‌وه به‌ڵکو پێویسته له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ست به‌ئاسانکاری و زه‌مینه‌سازی بکه‌ن تاوه‌کو موماره‌سه‌ی هه‌مو ویسته‌کانیان بکه‌ن . ته‌نها کۆسپێک له‌به‌رده‌میاندا ئه‌وه‌بێت که سنوری ئازادیه‌کانی به‌رامبه‌ره‌کانیان پێشێل نه‌که‌ن و له‌و موماره‌سه‌کردنه‌دا به‌رژه‌وه‌ندی گشتی له‌به‌ر دیده بگرن . بۆ ئه‌وه‌ش ئازادی به‌رامبه‌ر و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌بێته پاساوێك بۆ چه‌پاندنی ویسته‌کانی تاك ، پێویسته پێناسه‌یه‌کی دروست و ڕه‌وانیان به له‌به‌رچاوگرتنی تواناکانی تاك بۆ بکرێت . جا هه‌ر کۆمه‌ڵێك ئه‌م هاوکێشه‌ی ( تاک و کۆمه‌ڵه) به‌هیند وه‌رنه‌گرێت جگه له‌وه‌ی که کۆمه‌ڵ دابه‌شی دو به‌شی باڵاده‌ست و بن ده‌ست ده‌کات و ئازادی ده‌کاته گه‌مه‌ی منداڵان هیچ شتێکی‌تر به‌رهه‌م ناهێنێت . هاوکاتیش ئه‌و کۆمه‌ڵه سه‌ر پاکی به‌جه‌لاد و قوربانی ده‌بێت و هه‌ردوکیشیان به‌په‌ستی ژیان ده‌گوزه‌رێنن و به به‌های سه‌ره‌ده‌رزیه‌ك ئاسوده‌یی که له ڕه‌وایه‌تیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت نادۆزرێته‌وه. دروسته له‌و کۆمه‌ڵانه‌دا له‌سه‌ر حسابی ئه‌وانیتر و هه‌تککردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ، ده‌کرێت له‌لایه‌ن به‌شێکی که‌می کۆمه‌ڵه‌وه باڵه‌خانه‌ی به‌ئاسمان چو و سه‌یاره‌ی نوێ مۆدیل و ته‌نانه‌ت وڵاتێکی پڕ له خزمه‌تگوزاری بونیاد بنرێت و ببینرێت . به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌مانه که‌مترین ئاسوده‌ییان لێوه به‌رهه‌م ناهێنرێت . هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌دوری مه‌زانن له‌نێو باڵه‌خانه‌کاندا به به‌راورد له‌گه‌ڵ خانوه سه‌ره‌تایه‌کاندا زۆرترین شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی تێدا نه‌گوزه‌رێ و هاوکات هه‌ر له‌وێوه ده‌یان به‌رنامه و پلانی تاوانکاری تێدا به‌رنامه‌ڕێژ نه‌کرێ !! ده‌رنجام ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵێکی په‌ست و خه‌مگین و شه‌که‌ت ده‌هێنێته به‌رهه‌م . واته ئه‌وه‌ی ( هه‌یه‌تی و نیه‌تی ، لێده‌ر و لێدراو ، ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵات ، ئه‌وانه‌ی زیندانی‌کراون و ده‌کرێن ، زیندانکارانیش ) هه‌رهه‌مویان له ناخه‌وه هه‌ست به‌ویژدان برینداری خۆیان ده‌که‌ن .
لێپرسراوه‌تی هه‌ر بابه‌تێك، ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی خودی نووسه‌ره‌که‌ی. هه‌روه‌ها هه‌ر بابه‌تێك یا سه‌رنجێك که سوکایه‌تی و گاڵته‌کردن به‌رامبه‌ر به ژێنده‌ر، ڕه‌گه‌ز، نه‌ته‌وه، نه‌ژاد، ئایین، چین و بیرورای تاکه‌که‌سێك بگرێته خۆی، له‌م وێبڵاگه‌دا بڵاو ناکرێته‌وه.بنه‌مای هه‌ر هاوکاری و به‌شدارییه‌ك له وێببلاگه‌دا، مرۆڤدۆستی، ژینگه‌دۆستی و گیانی ته‌باییه، هه‌ر بیربۆچوونێك که دژی ئه‌م سێ بنه‌مایه بێت، به په‌ێڕه‌وی ئه‌م وێببلاگه ناکۆك ده‌بێت